ڕێنێسانس نیوز؛ تایبه‌ت: کومیته‌ی هاوبه‌شی دیفاع له عه‌دنانی حه‌سه‌نپوور و هیوا بووتیمار له لیدوانێکدا گومانی خۆی له‌مه‌ر نیه‌تچاکیی ده‌وڵه‌ت دێنێته زمان و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێ که بۆ له‌سێداره‌دانی ئه‌و دوو گیراوه کورده پیلانێک له گۆڕێدایه.
وته‌بێژێک له سه‌ر ناوی (کۆمیته‌ی هاوبه‌شی پشتیوانی له عه‌دنان حه‌سه‌ن پوور‌و هیوابوتیمار) له لیدوانێکدا بۆ ڕێنێسانس گوتی: "پاش وه‌ده‌نگهاتنی جیهان و ناڕه‌زایه‌تی سه‌رارسه‌ری دژ به‌م کرده ناڕه‌وایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، به‌داخه‌وه کارگێرانی ئێران تا ئێستاش به‌کرده‌وه هه‌ربه شێوه‌ی نامرۆفانه‌ی خۆیان درێژه ده‌ده‌ن و عه‌دنانیان له چاوه‌ڕوانی و باری ناهه‌مواری ته‌ندروستی و ڕه‌وانیدا راگرتووه."
وته‌بێژه‌که ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد که سزای له‌سێداره‌دانی هیوا بووتیمار له دادگای باڵای ئێران‌دا به‌رواڵه‌ت شکاوه و بڕیاری چاوپیاداخشانه‌وه‌ی دراوه، به‌ڵام ئاشکرایکرد که به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ستیان که‌وتووه، جارێکی دیکه‌ش ئه‌م سزایه به‌سه‌ر هیوا بووتیماردا سه‌پێنراوه‌ته‌وه.
وته‌بێژه‌که‌ی ئه‌و ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه وه‌بیری هێنایه‌وه که" ده‌وڵه‌ت به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسا‌و نه‌ریت و پرێنسیبێکی مافناسی و مافپارێزی، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیش، سزای کوشتنی به سه‌ر مامۆستا فه‌رزادی که‌مانگه‌ردا سه‌پاندووه" و جه‌ختیشی کرده‌وه که "ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ده‌زگای دادوه‌ریی ئێران وا له ئێمه ده‌کات که له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و چاوپێداخشناوه‌ی ئه‌م دۆسیانه به‌گومان بین و واده‌زانین ئه‌مه‌ش یه‌کێ له پیلانه شوم دژه ڕه‌وشته‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئێران بێت." گوتیشی: "ئه‌و ڕژێمه بڕیاری ناڕه‌وای خۆی داوه و ده‌یه‌وێ به‌هه‌ر نرخ و جۆرێک بووه ئه‌م بڕیاره به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ."
له کۆتاییدا وته‌بێژه‌که ڕووی له پارلمانی ئه‌ورووپا، ڕێکخراوی هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور و ڕێکخراوه ئینساندۆسته‌کان کرد و داوای لێکردن له‌و مه‌ترسییه ئاگادار بن. له‌و بواره‌وه گوتی: "جارێکی تر جیهان ئاگاداری ئه‌م مه‌ترسیه ده‌که‌ینه‌وه‌و داواده‌که‌ین که زۆر خێرا‌و به په‌له هه‌وڵی ڕزگاریی ئه‌م دوو چالاکه بده‌ن و پیلانه‌کانی ده‌وڵه‌ت پووچه‌ڵکه‌نه‌وه ."